شاعیر: شاھۆ
کتێب: دیوانی شاهۆ
سەرناو: کلیلی قوفڵی قاپی موشکیلاتم
لەبارەی شیعر: ١٩٣٧/٣/١٦

کلیلی قوفڵی قاپی موشکیلاتم
فەرەح بەخشی دڵی مەحزوون و ماتم

نەسیمی سوبحی نەورۆزی ئومێدم
گوڵم تۆی چاوەکەی ئاوی حەیاتم

ھیلالی ڕۆژی جەژنی بێ ئومێدان
ھەسێرەی ڕوونی ئیقباڵی وڵاتم

ئەزانێ خۆ ئەمن سەودازەدەی تۆم
ئەسیری میھر و مەربووتی وەفاتم

ھەواخواھی ھەواخواھانی خۆتم
بە گیان و دڵ ھەمیشە گیان فیداتم

لە دڵما خەم لەسەر خەم کۆمەڵی بەست
نەماوە تاقەتی سەبر و سوباتم

بە حاڵم گەر بزانیت چەند پەشێوم
بەبێ پەروا ئەکۆشی بۆ نەجاتم

ئەگەر ڕەحمێ نەفەرمووی تۆ بە شاھۆ
بە ناچاری ئەکەم تەرکی وڵاتم